جیف دیفیس وته‌بێژی به‌ناوی په‌نتاگۆن-ه‌وه دوێنێ هه‌ینی له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی"ئێمه ده‌زانین كه كاروانی مرۆیی له‌لایه‌ن ڕوسیا و ڕژێمی سوریاوه پشتیوانی ده‌كرێت به‌ره‌و مه‌نبه‌ج ڕۆشتووه‌و له‌ناو ئه‌و كاروانانه ئۆتومبێلی گولهنهبڕیش هه‌بووه".
شاری مه‌نبه‌ج 30كیلۆمه‌تر له‌سنوری نێوان سوریا و توركیا دووره‌و له مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌هاوكاری ڕاوێژكارانی سه‌ربازی ئه‌مریكی و پاڵپشتی فرۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌رۆكایه‌تی واشنتن له‌دژی داعش كۆنتڕۆڵكرا.
وته‌بێژی په‌نتاگۆن، نه‌یویستووه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و موسكۆ قسه‌بكات و جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه، ئه‌مریكا له‌كاتی ئێستادا ده‌یانه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌باكوری سوریا پێش هه‌موو شت هه‌وڵی له‌ناو بردنی داعش بده‌ن نه‌ك شه‌ڕی یه‌كتربكه‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبه‌ج له‌ماڵپه‌ری فه‌رمی خۆی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه، ڕایگه‌یاندووه، هاوكاری سه‌ربازی ئه‌مریكا گه‌یشتووه‌ته گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری مه‌نبه‌ج.
گه‌یشتنی ئه‌و هاوكارییانه به شه‌ڕڤانان له مه‌نبه‌ج له كاتێكدایه، دوێنێ و ئه‌مڕۆ شه‌ڕڤانانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبه‌ج چه‌ند هێرشێكی چه‌كدارانی قه‌لغانی فورات-یان تێكشكاندووهو دوای شه‌ڕوپێكدادانێكی سه‌خت گوندی جه‌بله ئه‌لحه‌مره یان له‌ده‌ستی ئه‌و گروپانه ڕزگاركردووه كه‌توركیا پشتیوانی‌یان ده‌كات.
به‌پێی ماڵپه‌ری فه‌رمی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبه‌ج، ئێواره‌ی دوێنێ چه‌كدارانی قه‌ڵغانی فورات كه‌له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه پشتیوانیی ده‌كرێن دزه‌یان كردووه‌ته ناو گوندی ته‌ل تورین و حوته و كورهیول و ئولاشلی له‌ڕۆژئاوای شاری مه‌نبه‌ج.
ئاماژه‌به‌وه‌كراوه، دوای شه‌ڕێكی سه‌خت شه‌ڕڤانان توانیویانه هێرشه‌كانیان بشكێنن و گوندی جه‌بله ئهلحهمرهیان له‌نزیك گوندی حوته، له‌ده‌ستی ئه‌و چه‌كدارانه ڕزگاربكه‌ن.
له‌وشه‌ڕه‌دا شه‌ش چه‌كداری گروپه‌كانی قه‌ڵغانی فورات كوژراون و ژماره‌یه‌كی تر برینداربوون و ژماره‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه.
گوندی جه‌بله ئه‌لحه‌مره، 34كیلۆمه‌تر له‌ڕۆژئاوای شاری مه‌نبه‌ج دووره‌و شه‌ڕ له‌ده‌ورووبه‌ری ئه‌وگونده‌و گوندی كورهیوك و ئۆلاشلی به‌رده‌وامه.
ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات له‌لایه‌ن توركیاوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و چه‌ند گروپێكی چه‌كداری سوریا تێیدابهشدارن.
ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه دابڕینی كانتۆنی عه‌فرین بوو لهكۆبانیَ له‌رۆژئاوای كوردستان و هه‌روه‌ها ڕێگری له هه‌ژموونی هێزه‌كوردییه‌كان له‌ڕۆژئاوا ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یه.
له‌ئێستادا، ئه‌وگروپانه ده‌یانه‌وێت شاری مه‌نبه‌ج له‌ده‌ستی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی شاره‌كه وه‌ربگرن و كۆنتڕۆڵی بكه‌ن.
مه‌نبه‌ج دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه له‌ساڵی ڕابردوو ئێستا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مه‌نبه‌ج-دایه كه له‌خه‌ڵكی شاره‌كه پێكهاتوون.
٤ ئازار ٢٠١٧ - ١٥:٣٩
News ID: 815592
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا په‌نتاگۆن ڕایگه‌یاندووه، سوریا و ڕوسیا كاروانێك یارمه‌تی مرۆییان ناردووه بۆ شاری مه‌نبه‌ج له‌باكوری سوریا كه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات-دایه، ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی شارۆچكه‌كه‌ش ڤیدیۆی گه‌یشتنی كاروانێك یارمه‌تی سه‌ربازی ئه‌مریكای بڵاوكرده‌وه.